گەلی ئێران بە ئامادەبوونی هۆشیارانە لە گۆڕەپانەکەدا، ڕێبازی عاشورای بە زیندوویی هێشتووەتەوە
لە یەکەم شەوی مانگی موحەڕەمدا و هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی جەماوەری بۆ پاڵپشتی لە ئێرانی ئیسلامی لە مەیدانی ئازادیی سنە، حوجەتولئیسلام و المسلمین "مەحموود سەفیزادە" ئەندامی دەستەی زانستیی زانکۆی کوردستان، بە ئاماژەدان بە فەلسەفەی نێردراوی پێغەمبەرانی خودا، ڕۆڵی خەڵکی بە گرینگترین هۆکاری بەدیهاتنی دادپەروەری و بەرەنگاربوونەوەی تاغوت زانی.
ناوبراو وێڕای سەرەخۆشی بەبۆنەی هاتنی مانگی موحەڕەم و ڕۆژانی ماتەمینی حەزرەتی ئەباعەبدوڵڵا ئەلحوسێن (ع)، ڕایگەیاند: "ئامانجی سەرەکی هەموو پێغەمبەرانی خودا چەسپاندنی داد و دادپەروەری بووە لە کۆمەڵگادا، بەڵام بەدیهاتنی ئەم ئامانجە بێ ئامادەبوون و هاوکاریی خەڵک مەحاڵە." ئەندامی دەستەی زانستیی زانکۆی کوردستان بە ڕوونکردنەوەی ئەوەی کە پێغەمبەرانی خودا ئەرکی بەئاگاهێنانەوەی مرۆڤەکان و بانگهێشتکردنیان بۆ خەبات دژی زوڵم و ئیستکباریان لەسەر بووە، زیادی کرد: "لە درێژایی مێژوودا، هەر کاتێک خەڵک لە گۆڕەپانەکەدا ئامادە بووبن، بەرەی حەق سەرکەوتووە و هەر کاتێک خەڵک لە بەرپرسیارێتی خۆیان دوور کەوتوونەتەوە، ئامانجەکانی پێغەمبەران و ئەولیای خودا ڕووبەڕووی کۆسپ و تەگەرەی جیدی بوونەتەوە."
سەفیزادە بە ئاماژەدان بە پێگەی گەلی ئێران لە هزری ئیمام خومەینی (ڕە) و ڕێبەری باڵای شۆڕش، جەختی کردەوە: "گەلی ئێران بەهۆی بەسیرەت، وەفاداری و ئامادەبوونی بەردەوام لە مەیدانە جیاوازەکاندا، خاوەنی تایبەتمەندییەکی بەرزە و چەندین جار سەلماندوویەتی کە لە وەرچەرخانە مێژووییەکاندا بەرگری لە ئامانجەکانی شۆڕشی ئیسلامی دەکات." ناوبراو لە درێژەدا وتی: "شۆڕشی ئیسلامی، بەرگریی پیرۆز و تێپەڕبوونی سەرکەوتووانەی وڵات لە قەیرانە جۆراوجۆرەکان، هەموویان ئەنجامی ئامادەبوونی خەڵک بوون لە گۆڕەپانەکەدا؛ ئامادەبوونێک کە لەگەڵ ئیمان، هۆشیاری و پەیڕەویکردن لە وەلایەت بووە و دەستکەوتی گەورەی بۆ وڵات بەدی هێناوە."
ئەندامی دەستەی زانستیی زانکۆی کوردستان بە ئاماژەدان بە ڕووداوی عاشورا، ئەوەی بە گەورەترین وانەی مێژوویی بۆ کۆمەڵگا ئیسلامییەکان زانی و وتی: "یەکێک لە گرینگترین هۆکارەکانی ڕوودانی کارەساتی کەربەلا، بێدەربەستی و ئامادەنەبوونی خەڵک بوو بۆ پاڵپشتی لە ئیمامی سەردەمی خۆیان. کوفییەکان کە بە هەستێکی کاتی بەیعەتیان لەگەڵ ئیمام حوسێن (ع) کردبوو، لە کاتی تاقیکردنەوەدا مەیدانەکەیان جێهێشت و زەمینەی شەهیدکردنی نەوەی پێغەمبەری خودایان (د.خ) خۆش کرد." جەختیشی کردەوە: "ئامادەبوونی خەڵک ئەو کاتە کاریگەر دەبێت کە لەگەڵ عەقڵانییەت، مەعریفەت و بەسیرەتدا بێت؛ چونکە جۆش و خرۆشی بێ هۆشیاری و هەستی بێ ئاگاهی لە بەرامبەر گومان و گوشارەکانی دوژمندا خۆ ناگرێت."
سەفیزادە ئاماژەی بەوە کرد کە بزووتنەوەی عاشورا ڕووداوێکی مێژوویی سنووردار نییە، بەڵکوو قوتابخانەیەکە بۆ هەموو نەوەکان و هەموو ئازادیخوازانی جیهان و پەیامەکانی هێشتا ڕێ نیشاندەری گەلانن لە ڕێڕەوی بەرەنگاربوونەوەی زوڵم و ئیستکباردا. ناوبراو بە ئاماژەدان بە بارودۆخی ئێستای ناوچەکە و جیهان، گەلی ئێرانی بە درێژەپێدەری ڕێبازی عاشورا وەسف کرد و وتی: "خەڵکی ئێران لە سەردەمی ئێستادا نیشانیان داوە کە لە پاڵپشتیکردنی ئیسلام، شۆڕش و وەلایەتدا لە هیچ فیداکارییەک درێغی ناکەن و کولتووری قوربانیدان، خۆڕاگری و شەهادەتیان لە قوتابخانەی سەیدولشوهەدا (ع) فێر بوون."
هەروەها ئەندامی دەستەی زانستیی زانکۆی کوردستان بە ئاماژەدان بە شەهیدبوونی فەرماندەکان و پارێزەرانی شۆڕشی ئیسلامی، وتی: "خوێنی شەهیدان هەمیشە بووەتە هۆی بەئاگاهاتنەوەی گەل و بەهێزکردنی ورەی خۆڕاگری لە کۆمەڵگادا و هەر جارێک خەڵکی بە انگیزەیەکی زیاترەوە بۆ بەرگری لە ئامانجەکانی شۆڕشی ئیسلامی هێناوەتە مەیدان." لە کۆتاییدا بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستی پاراستنی یەکڕیزی، بەسیرەت و ئامادەبوونی هۆشیارانەی خەڵک لە گۆڕەپانەکەدا، ڕایگەیاند: "گەلی ئێران ئەمڕۆ لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژووییدایە و هەروەک چۆن لە ساڵانی ڕابردوودا پارێزگاریی لە شۆڕش و بەها ئیسلامییەکان کردووە، لە داهاتووشدا بە پشت بەستن بە ئیمان، وەلایەتپارێزی و کولتووری عاشورا، ڕێڕەوی عیزەت و دەسەڵاتی وڵات بەردەوام دەکات."
