29 03 2026

ڕاگەیەندراوی وەزارەتی زانست، توێژینەوە و تەکنەلۆژیا سەبارەت بە چالاکییە فێرکاری و توێژینەوەییەکانی زانکۆکان و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا

بە لەبەرچاوگرتنی بەردەوامی دەستدرێژییەکانی دوژمنی ئەمریکی-سەهیۆنی بۆ سەر وڵاتی ئازیزمان و بە مەبەستی بەردەوامبوونی چالاکییە فێرکارییەکانی زانکۆکان و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا، ئەم بڕیارانەی خوارەوە بۆ جێبەجێکردن بە هەموو زانکۆ و دامەزراوە حکومی و ناحکومییەکان ڕادەگەیەنرێت:

١. پێویستە بەردەوامبوون لە کاروباری فێرکاری و بەڕێوەبردنی پۆلەکانی خوێندنی زانکۆکان و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا لەم ورزەدا، لە ڕێکەوتی ١٥ی خاکەلێوەوە (٤ی نیسانی ٢٠٢٦) بە جیدی بخریتە ئەولەویەتی کارەکانەوە.

٢. بەڕێوەچوونی پۆلەکانی خوێندنی زانکۆکان و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا تا ئاگادارکردنەوەی داهاتوو بە شێوازی مەجازی (فێرکاریی لەدوورەوە) دەبێت. پێویستە زانکۆکان و دامەزراوەکان ڕێوشوێنی پێویست بۆ ئەنجامدانی پۆلە ئۆنلاینەکان بگرنە بەر و هەروەها هەنگاوی قەرەبووکەرەوە بە شێوازی ئۆفلاین بۆ ئەو خوێندکارانەی کە توانای پەیوەندیکردنیان بە پۆلە ئۆنلاینەکانەوە نییە، دابین بکەن. سەبارەت بەو وانە پراکتیکیانەی کە ئەگەری پێشکەشکردنیان بە شێوازی مەجازی نییە، زانکۆکان دواتر پلانی گونجاو دادەڕێژن و خوێندکارانی لێ ئاگادار دەکەنەوە.

٣. دانیشتنەکانی بەرگری لە تێزی ماستەر، نامەی دکتۆرا و پێشنیازنامەی (پڕۆپۆزەڵ) خوێندنی باڵا دەکرێت بە شێوازی مەجازی بەڕێوە بچێت. هەروەها، کاتی بەرگری لە تێز و نامەکان بۆ ئەو خوێندکارانەی خوێندنی باڵا (دەرەوەی ساڵانی ڕێپێدراو) کە لێژنە تایبەتەکان (زانکۆیی، پارێزگایی و ناوەندی) کاتی بەرگرییەکەیان تا کۆتایی ڕەشەمێی ١٤٠٤ دیاری کردبوو، تا کۆتایی پووشپەڕی ١٤٠٥ (٢١ی تەمموزی ٢٠٢٦) درێژ دەکرێتەوە.

٤. زانکۆکان دەتوانن تاقیکردنەوەی گشتگیری (جامع) قۆناغی دکتۆرا بە شێوازی مەجازی ئەنجام بدەن. هەروەها، بەپێی مەرجەکانی ئاماژەپێکراو لە بڕگەی ٤٤ی ڕێسا یەکگرتووەکانی فێرکاری، زانکۆکان دەتوانن تاقیکردنەوەی گشتگیر بۆ ئەو خوێندکارانەی کۆنمرەیان (معدل) ١٧ و بەرەو سەرە، لاببەن.

٥. سەبارەت بەو خوێندکارانەی لە لێواری دەرچووندان، ئاسانکاری گونجاو لەوانە زیادکردنی وانەکانی "ناساندن بە مامۆستا" (بەپێی بڕیارەکانی جێگری فێرکاری) ڕەچاو بکرێت.

٦. سەبارەت بە چالاکیی بەشە زانستییەکان، تاقیگە توێژینەوەییەکان و کاروباری تری توێژینەوە و تەکنەلۆژیای زانکۆکان و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا، بڕیاری پێویست بەپێی بارودۆخ و پێداویستییە ناوچەییەکان، لە لێژنەی بەڕێوەبردنی پارێزگایی خوێندنی باڵا دەدرێت.

وەزارەتی زانست، توێژینەوە و تەکنەلۆژیا
٢٩ی ئاداری ٢٠٢٦